ئابووریی عێراق 12% پاشەکشە دەکات


وێستگەنیوز-

بانکی ئەورووپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری لە چەندین وڵاتدا کەم کردەوە و رایگەیاند، ئابووریی عێراق لەمساڵدا بە ڕێژەی 12% پاشەکشە دەکات، کە ئەوەش بەرزترین رێژەی دابەزینە لە سەرانسەری ئەو وڵاتانەی لە راپۆرتەکەدا هاتوون و هۆکاری سەرەکیشی بۆ پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ئەنجامی داخرانی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە.

بانکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لێکەوتەی جەنگەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و خۆراک، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن، فشارێکی قورسیان لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان دروست کردووە، لەسەر ئاستی ئەو 41 ئابوورییەی ڕاپۆرتەکە دەیانگرێتەوە، رێژەی گەشەی ئابووری بۆ 2.5% کەمکراوەتەوە کە بە بڕی 0.6 خاڵی سەدی نزمترە لە پێشبینییەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو.

لەلایەکی دیکەوە، نرخەکانی گەنمی جیهانی لە مانگی شوباتەوە 30% بەرزبوونەتەوە، ئەمەش فشارێکی توندی خستووەتە سەر وڵاتانی هاوردەکار وەک میسر، بەتایبەت کە روسیا و ئۆکرانیا بەیەکەوە چارەکی هەناردەی گەنمی جیهانی پێک دەهێنن.

لە کۆتاییدا، بیاتا یاڤۆرچیک، گەورە ئابووریناسی بانکی ئەورووپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هۆشداری دا لەوەی، گوشارە ئابوورییەکان لە تێچووی سووتەمەنی و دانەوێڵەوە تا دەگاتە تێچووی دارایی بەرەو زیادبوون دەچن و مەترسیی ئەوە هەیە لە ئایندەدا پێشبینییەکانی گەشەی ئابووری زیاتریش کەم ببنەوە.


PM:01:57:24/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو