عێراق 13 ملیۆن دۆلاری لە بانکەکانی فەڕەنسا گەڕاندەوە
وێستگەنیوز-
سندووقی
گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق ئاشکرای کرد، توانیویانە بڕی 13 ملیۆن دۆلار لەو
پارانەی عێراق کە لە بانکەکانی فەڕەنسا بلۆک کرابوون، بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی
دەوڵەت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، سندووقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، گەڕاندنەوەی ئەم بڕە پارەیە بە
بڕیاری دادگا و لە ئەنجامی بەدواداچوون و هەوڵە بەردەوامەکانی سندووقەکە بووە، بە
هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان.
لەو بارەیەوە محەمەد
عەلی لامی، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندووقەکە وتی، پارە گەڕێنراوەکە دوای
تەواوبوونی ڕێکارە پێویستەکان و هەماهەنگی لەگەڵ بانکی عەرەبی سویسری (Arab Swiss Bank)، خراوەتە سەر هەژمارەکانی وەزارەتی دارایی
عێراق.
سندووقەکە
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم دەستکەوتە ئەنجامی ئەو دیدار و بەدواداچوونانەیە کە
سەرۆکی سندووقەکە (کە هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵییە) لە پەراوێزی
سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ فەڕەنسا ئەنجامی داون، ئەمەش
لە چوارچێوەی هەوڵە حکوومییەکانە بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی مافە
داراییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات.
سندووقی
گەڕاندنەوەی پارەکان جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و
هەماهەنگی بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو پارە و سەروەت و سامانانەی عێراق کە لە
دەرەوەی وڵاتن، تاوەکو دەیخەنەوە سەر خەزێنەی گشتی.
PM:01:17:24/09/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت