عەلی زەیدی بەڵێنی 10 ساڵ لێخۆشبوونی باج دەداتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان


وێستگەنیوز-

لە شاری نیویۆرک عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی ئەندامانی ژووری بازرگانیی ئەمریکی کرد، لە دیدارەکەدا داوای لێکردن سوود لە دەرفەتە لەبارەکانی عێراق وەربگرن و چەندین ئاسانکاریی یاسایی و دارایی خستە بەردەمیان.


بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24ی ئەیلولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا زەیدی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵکەوتەی جوگرافی، سەرچاوە سروشتییەکان و سامانی مرۆیی، عێراقیان کردووەتە ژینگەیەکی لەبار بۆ هاوبەشیی ئابووریی بەرهەمدار، هاوکات حکومەتیش کار لەسەر راکێشانی سەرمایە دەکات بۆ بەهێزکردنی ئابووریی وڵات.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران روونیکردەوە کە حکومەت پابەندە بە دابینکردنی تەواوی ئاسانکارییەکان بۆ وەبەرهێنەران، لەوانەش پێدانی مافی خاوەندارێتیکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکان بەپێی یاسا، لەگەڵ لێخۆشبوونی باج و گومرک بۆ ماوەیەک کە تا 10 ساڵ درێژ دەبێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، زەیدی تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ بوژاندنەوەی ژێرخان، بەتایبەت تۆڕی هێڵی ئاسن لە چوارچێوەی پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان"دا، کە عێراق وەک پردێک بۆ بەستنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا چالاک دەکات و بوارێکی بەرفراوان بۆ کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان دەڕەخسێنێت.

سەرۆک وەزیران داواکاری ئاراستەی کۆمپانیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە بەشداری بکەن لە کەرتی پترۆکیمیایی، بەرهەمهێنانی گاز، وزەی پاک، لەگەڵ پیشەسازییەکانی فۆسفات و شووشە، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەغدا دەیەوێت لە رێگەی دروستکردنی کارگە و پڕۆژەی بەرهەمهێنانەوە، سەرچاوەکانی داهات هەمەجۆر بکات و هەلی کاری نوێ بهێنێتە کایەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، عەلی فالح زەیدی بانگهێشتی فەرمیی ئاراستەی ئەندامانی ژووری بازرگانیی ئەمریکی و کۆمپانیا پسپۆڕەکان کرد بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی بەغدا بۆ وزە، بە ئامانجی بنیادنانی پەیوەندییەکی ئابووریی درێژخایەن کە لەسەر بنەمای سوود و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزرابێت.


AM:09:13:24/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو