د. ڕێبوار کەریم: بانکی ناوەندی ڕەزامەند بووە لەسەر پێدانی دۆلار بە گەشتیارانی هەرێم، بەڵام وەزارەتی گواستنەوە وەڵام ناداتەوە
وێستگەنیوز -
سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست ڕایگەیاند، بانکی ناوەندی چاوەڕێی نووسراوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم دەکات بۆ ئەوەی دەست بە فرۆشتنی دۆلار لە فڕۆکەخانەکان بکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئەیلولی 2026، د. ڕێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراقی وەرگرتووە بۆ دەستپێکردنەوەی پێدانی دۆلار بە نرخ فەرمی بە گەشتیاران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام پرۆسەکە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم پەکی کەوتووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی لە 11ـەی ئابی 2026 بە نووسراوی فەرمی داوای لە بانکی ناوەندیی عێراق کردووە دەستبکرێتەوە بە فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم، بانکی ناوەندی ڕەزامەندیی دەربڕیوە بەوەی هەر ئێستا پرۆسەکە دەستپێبکەنەوە.
بانکی ناوەندی ڕایگەیاندووە، لە 16ـەی ئابی 2026ـەوە چاوەڕێی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
د. ڕێبوار کەریم ڕەخنەی لە جێبەجێکردنی مامەڵەکەدا گرت و ڕایگەیاند: ئەمە کەی ڕەوایە وەزارەتێک بە مانگێک و هەفتەیەک وەڵامی نووسراوێک نەداتەوە؟.
PM:02:15:23/09/2026
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت