تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی لە عێراق دەستگیرکرا و بەڵگەکانیان لەناو رووبار دۆزرانەوە
وێستگەنیوز-
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق ئاشکراکردنی تۆڕێکی مەترسیداری گەندەڵی راگەیاند، کە دەستیان بەسەر زیاتر لە 170 موڵکدا لە پارێزگاکانی بەغدا و بابل گرتووە و بەهاکەیان بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بابل دوای بەدواداچوونێکی ورد، توانیان 9 تۆمەتباری سەرەکیی تۆڕەکە دەستگیر بکەن؛ لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە سەرۆکی تۆڕەکە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی شارەدێی ئەبی غەرەقە و پێشتریش پۆستی بەڕێوەبەری تاپۆی مەنسوور لە بەغدا و پارێزگای بابلی بەڕێوەبردووە، تۆڕەکە بە مەبەستی خۆدزینەوە لە پشکنینی دارایی و شاردنەوەی خاوەندارێتییە راستەقینەکەیان، سەرجەم موڵکەکانیان بە ناوی خزم و هاوڕێکانیانەوە تۆمار کردووە، کە لە نێویاندا چەندین پارچە زەویی کشتوکاڵی و موڵکی گشتیی دەوڵەت هەن.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، تۆمەتباران دوای هەستکردن بە ئاشکرابوونیان هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەنامە و دۆسیە فەرمییەکانیان دابوو، بەڵام تیمی لێکۆڵینەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی هەواڵگریی سەقر دەستیان بە گەڕان کرد و توانیان بەشێک لە بەڵگەنامەکان بدۆزنەوە کە لەناو جانتایەکدا لەنێو پوش و پەڵاش و گیادا شاردرابوونەوە.
هاوکات لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە بەشێکی دیکەی بەڵگەکان فڕێدرابوونە ناو رووباری حلە، بە ئامانجی ئەوەی رێگری لە لێکۆڵەران بکەن تا نەتوانن کڕینی موڵکەکان بە ناوی کەسانی دیکەوە بسەلمێنن، بەڵام تیمەکان گەیشتنە شوێنەکە و توانیان بەڵگەنامەکان لە ئاوەکە دەربهێننەوە و بە شێوەیەکی رێکاری دۆکیۆمێنتیان بکەن.
جگە لەو 170 موڵکەی ئاماژەیان پێکراوە، دەرکەوتووە کە سەرۆکی تۆڕەکە خاوەنی 2 باڵەخانەی بازرگانییە لە سەنتەری شاری حلە.
لە ئێستادا دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە بابل، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم بەڵگەنامە و دۆسیەکانی دەرکردووە و تۆمەتبارانیش بەپێی ماددەکانی 289 و 298 لە یاسای سزادان، لەگەڵ ماددەی 19/2 لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ـی هەموارکراو، رەوانەی دادگا کراون تاوەکو رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
PM:12:32:22/09/2026
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت