پەرلەمانی عێراق وەزیری نەوت بانگێشت دەکات
وێستگەنیوز-
بە مەبەستی لێپرسینەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سووتەمەنی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممەدا میوانداری لە وەزیری نەوت و بەرپرسانی وەزارەتەکە دەکات، هەروەها لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەشدا کار لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەکی گرنگ دەکات.
بەپێی کارنامەی پەرلەمان، دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممە بە تەواوی بۆ تاوتوێکردنی هۆکار و لێکەوتەکانی قەیرانی سووتەمەنی تەرخان دەکرێت، لە دانیشتنەکەدا باسم محەمەد خزەیڕ، وەزیری نەوت و تیمی پێشکەوتووی وەزارەت ئامادە دەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و خستنەڕووی پلانەکانی حکومەت، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی نرخ و چارەسەرکردنی کەمیی بەنزین و گاز، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ناڕەزایەتیی شەقام لە پارێزگاکاندا لەسەر ئەم بابەتە دروست بووە.
هاوکات لە کارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەماندا هاتووە، دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە یەکلاکردنەوە و دەنگدان لەسەر 4 پڕۆژەیاسا؛ بە جۆرێک خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، هاوکات خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتننامەی گواستنەوەی ئاسمانیی نێوان عێراق و نەمسا ئەنجام دەدرێت.
هەر لە هەمان دانیشتندا، پەرلەمانتاران خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای دادنووسان و پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن، بە ئامانجی ئامادەکردنیان بۆ قۆناغی کۆتایی و پەسەندکردنیان.
AM:08:35:19/09/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت