دەستەی دەستپاکی عێراق: رێگریمان لە بەهەدەردانی زیاتر لە 4 ملیار و نیو دینار لە سامانی گشتی کردووە
وێستگەنیوز-
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، توانیویەتی رێکارەکانی فرۆشتنی دوو موڵکی دەوڵەت لە پارێزگای ئەنبار بە کەمتر لە نرخی راستەقینەیان رابگرێت، بەوەش رێگری لە بەهەدەردانی زیاتر لە چوار ملیار و نیو دینار لە سامانی گشتی کراوە.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تیمێکی مەیدانی سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار لە کاتی بەدواداچوونیان لە فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت لە پارێزگاکە، سەرپێچییان لە خەمڵاندنی بەهای دوو موڵکدا ئاشکرا کردووە کە رووبەری گشتییان 186 دۆنمە و بڕیار بوو بە زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێن. ئاماژە بەوەش کراوە کە بەهۆی پابەندنەبوون بە دیاریکردنی بەهای راستەقینە و تێکڕای نرخە باوەکان، نزیک بوو بڕی 4,650,000,000 (چوار ملیار و 650 ملیۆن) دینار لە سامانی گشتی بەهەدەر بچێت، بەڵام پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە راگیراوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، بەدواداچوونی تیمەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە، نەخشەدانانی شارستانی و دەستەی گشتیی باجەکان دەریخستووە کە سەرپێچی لە رێنماییەکانی خەمڵاندن کراوە و شوێنی موڵکەکان بە وردی دیاری نەکراوە بە مەبەستی دابەزاندنی بەهاکەیان، ئەمەش بە پێچەوانەی حوکمەکانی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی سامانی دەوڵەت ژمارە 21ی ساڵی 2013 بووە.
لە کاردانەوەی ئەو رێکارانەشدا، دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بە کەیسەکانی دەستپاکی لە روومادی بڕیاری دا بە راگرتنی تەواوی رێکارەکانی زیادکردنە ئاشکراکە و ئاگادارکردنەوەی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت، هاوکات بڕیاری وەرگرتنی وتەی لە نوێنەرانی یاسایی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت، تۆماری خانووبەرە، شارەوانی روومادی و باجەکانی ئەنبار دەرکردووە.
AM:11:04:13/09/2026
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت