کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا کارنامەی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ پاریس بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز-
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا کارنامەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ پاریس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆدەبێتەوە و جگە لە تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنی و ئابوورییەکان، چەندین گرێبەستی نەوتی واژۆ دەکرێن.
کۆشکی ئێلیزێ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یەکەمین سەردانیدا بۆ ئەوروپا دەگاتە پاریس، بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، رۆژی دووشەممە 14ی ئەیلوول، زەیدی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و تاوتوێکردنی پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، لە دیداری نێوان ماکرۆن و زەیدیدا هاوکاری لە چەندین کەرتی لەپێشینەدا تاوتوێ دەکرێت، لەوانە: وزە، گواستنەوە، ژێرخانی ئابووری، سەرچاوەکانی ئاو، کەرتی تەندروستی، لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە هەردوو بواری بەرگری و ئاسایشدا، هەروەها بڕیارە چەند گرێبەستێکی نەوتی واژۆ بکرێن کە تا ئێستا هیچ وردەکارییەکیان لەبارەوە ئاشکرا نەکراوە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەردوولا پێداگری لەسەر بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەنەوە، بە شێوەیەک کە رێگری لە رێکخراوی داعش بکرێت چالاکییەکانی دەستپێبکاتەوە، ئەوەش بە رێزگرتنی تەواو لە سەروەریی هەردوو وڵات.
هاوکات لێکەوتەکانی ناسەقامگیریی ناوچەکە لەسەر جموجۆڵی بازرگانی و هەناردەی وزە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان پاریس و بەغدا دەبێت، بەتایبەت کارکردن لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق تا هاوکار بێت لە کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر بازاڕی جیهانیی وزە و پشتیوانیکردنی ئابووری و پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتییان
AM:11:46:12/09/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت