خەز عەلی: پێشمەرگە دەبێت فەرمان لە بەغدا وەربگرێت


وێستگەنیوز-

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە لێدوانێکی نوێدا هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی چەکی پێشمەرگە و فەسیلە چەکدارەکان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە دامەزراوەیەکی دەستوورییە، بەڵام پێویستە لەژێر فەرمانی راستەوخۆی بەغدادا بێت.


خەزعەلی لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زاراوەی "سنووردارکردنی چەکی پێشمەرگە" بوونی نییە، چونکە هێزی پێشمەرگە پێگەیەکی یاسایی و دەستووریی لە عێراقدا هەیە و چەکەکانیان تۆمارکراون؛ بەڵام وتی: "کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا پێشمەرگە پابەندی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە یان نا؟ لە ئێستادا جۆرێک لە دابڕان هەیە و پێشمەرگە تەنها بڕیار لە سەرکردایەتییە سیاسییەکەی لە هەرێم وەردەگرێت، ئەمەش دژی سەروەری و ناوەندێتیی دەوڵەتە"، خەزعەلی جەختیشی کردەوە کە هاوشێوەی فەسیلە شیعییەکان، دەبێت سەرکردەکانی هەرێمیش هەنگاو بنێن، چونکە بە وتەی ئەو "هەمووان لە یەک کەشتیدان" و تەنانەت لە ئێستادا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ناتوانێت پۆلیسێکیش رەوانەی هەرێم بکات، هەروەها ئاشکرای کرد کە بانگهێشتنامەی فەرمیی لەلایەن مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی پێگەیشتووە بۆ سەردانی هەولێر و دوای تەواوبوونی کابینەی حکومەت گەشتەکە ئەنجام دەدات.

سەبارەت بە پرسی چەکی فەسیلەکان، ئەمینداری گشتیی عەسائیب دووپاتیکردەوە کە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و مەرجەعییەت لەگەڵ سنووردارکردنی چەکن لە دەستی دەوڵەتدا، بەڵام جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان سنووردارکردنی چەک و رادەستکردنی چەک؛ خەزعەلی رادەستکردنی چەکی بۆ سوتاندن یان لەناوبردن بە هاوشێوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و عەلەوییەکانی سوریا بە تەواوی رەتکردەوە و وتی، چەکی عەسائیب لە چوارچێوەی دامەزراوەی فەرمیی حەشدی شەعبیدایە و چەکدارەکانیان لەگەڵ دەوڵەتدان نەک حزب، وتیشی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ عێراق، وەستانی پێشێلکارییەکانی ئاسمانی وڵات لەلایەن ئیسرائیل و تورکیاوە، و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

خەزعەلی رۆژی 30ی ئەیلوولی بە ساتێکی یەکلاکەرەوە و هەستیار لە چارەنووسی سەقامگیریی دەوڵەتی عێراق دانا، و ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی دانوستانەکان چاوەڕوان دەکرێت هێزەکانی ئەمریکا لەو بەروارەدا بکشێنەوە، بەڵام هۆشداریشی دا لە گوشارەکانی واشنتۆن وەک راگرتنی ناردنی دۆلاری کاش و دەستوەردان لە مووچەی هەندێک لە لیواکانی حەشد لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە، هۆشداریشی دا کە ئەگەر دۆخەکە راست نەکرێتەوە رەنگە ئەمریکا عێراق بخاتە لیستی دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆرەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، شێخ خەزعەلی دۆخی ناوچەکەی بە مەترسیدار وەسف کرد و رایگەیاند، پڕۆژەیەک هەیە بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە کە عێراق، تورکیا و سعودیەش دەگرێتەوە، بەڵام بەهێزیی کۆماری ئیسلامیی ئێران رێگرە و رووخانی ئەو دەوڵەتە زیانی گەورە بە هەموو ناوچەکە دەگەیەنێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆش، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی فالح فەییاز گرت لە دەستەی حەشدی شەعبیدا و داوای کرد حەشد دوور بخرێتەوە لە حیساباتی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەش کرد تەمەنی فەییاز 70 ساڵی تێپەڕاندووە و پێویستە کەسایەتییەکی دیکەی ناو حەشد پۆستەکە بگرێتە دەست.

دەربارەی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، خەزعەلی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە هۆکاری دواکەوتنەکە بەربژێرکردنی لەیس خەزعەلی بێت بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و رایگەیاند، هیچ ڤیتۆیەکی ئەمریکی لەسەر لەیس خەزعەلی نییە. روونیشیکردەوە کە گرێکوێرەی سەرەکی پەیوەستە بە وەزارەتی ناوخۆ لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران کە کێشەی لەسەرە لە نێوان پارتی و یەکێتی، وەزارەتی کۆچ لە نێوان لایەنە کریستیانەکان، و وەزارەتی رۆشنبیری لە ناو پێکهاتەی سوننەدا.

لە کۆتایی قسەکانیدا، خەزعەلی ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی پرسی شاری نەسر (جورفولنەسری پێشوو) کرد کە 90%ی چەکدارانی ئەو کاتەی ناوچەکە خەڵکی ناوخۆ بوون بەڵام بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی بێتاوانن و پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە؛ هەروەها جەختی لە بەرەنگاربوونەوەی راستەقینەی گەندەڵی کردەوە بە هاوکاریی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان، بە تایبەت دوای ئەوەی یەدەگی دۆلاری بانکی ناوەندی لە 120 ملیارەوە بۆ 65 ملیار دۆلار دابەزیبوو بەر لەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 3 ملیۆن بەرمیل زیاد بکرێتەوە.


PM:12:15:11/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت