وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشدارییەکی توندی لەبارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز ـ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنەبەر کە ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاو بەکاردەهێنن.


ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی ناوەڕۆکی نەشیاو چاودێری ئەوەی کردووە، کە هەندێک کەسی خاوەن ئاستنزم، تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) بۆ بەرهەمهێنانی گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاو بەکاردەهێنن.

ئاماژە بەوەدراوە: ئەو گرتانەی بڵاودەکرێنەوە وشە و ئاماژەی تێدایە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کولتوور و ڕەوشتی کۆمەڵگەی عێراقییەوە نییە، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیاری دەکرێت.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاری دەزگا ئەمنییەکان بن و دەڵێت: هەر کەسێک ئەو جۆرە ئەکاونت و ناوەڕۆکانە دەبینێت کە زیان بە بەها گشتییەکان دەگەیەنن، دەتوانێت لە ڕێگەی سەکۆی (بەلغ) لە ماڵپەڕی (عەین عێراق) سکاڵا تۆمار بکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سەرجەم سکاڵاکان بە نهێنیی توند مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە هەستی گشتی.


PM:04:44:05/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت