دەست بەسەر سامانە 22 ملیۆن دۆلارییەکەی سەرۆکی پێشووی دەستپاکی عێراقدا دەگیرێت
وێستگەنیوز-
بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، دادگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی گەندەڵی سزایەکی توندی بەسەر تەڵاڵ زەوبەعی، سەرۆکی پێشووتری لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراقدا سەپاندووە.
زەوبەعی کە بۆ 3 خولی پەرلەمانی ئەندام بووە، بە تۆمەتی "بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی" سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە، دادگە بڕیاریداوە دەست بەسەر تەواوی ئەو سامانەدا بگرێت کە لەگەڵ داهاتی فەرمیی ئەودا ناگونجێت، کە بڕەکەی بریتییە لە 22 ملیۆن و 168 هەزار و 901 دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ 5 ملیار و 549 ملیۆن دیناری عێراقی وەک قەرەبوو بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
بەپێی وردەکارییەکان، زەوبەعی خاوەنی سامانێکی خەیاڵی بووە کە پێکهاتووە لە 19 خانوو و 4 باڵەخانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لەوانە خانوویەک لە ناوچەی کەڕادە بە بڕی 5 ملیار و 265 ملیۆن دینار و شوقەیەک لە عەممانی پایتەختی ئوردن، هەروەها دەست بەسەر 5 ئۆتۆمبێلی لاندکروزدا گیراوە کە یەکێکیان گوللـەنەبڕە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی مێرسیدس مۆدێل 2021 و GMC مۆدێل 2025.
لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاش، 17 تەسبیحی گرانبەها، 10 کاتژمێری دەستی مارکە و کۆمەڵێک زێڕ و زێودا گیراوە.
میسەم جەبار حوسێن، هاوژینی پێشووی زەوبەعی، لە دادگە وەک شایەتحاڵ ئامادە بووە و ئاشکرای کردووە کە ناوبراو لە ساڵی 2015وە چەندین موڵکی گرانبەهای لە ناوچە ستراتیژییەکانی بەغدا کڕیوە و بە ناوی خزمەکانییەوە تۆماری کردوون بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، هەروەها ئاماژەی بە هەبوونی چەندین موڵکی دیکە لە وڵاتانی قەتەر و ئوردن کردووە.
تەڵاڵ زەوبەعی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو پارانەی لای بووە "قەرز" بووە لە پەرلەمانتارانی دیکە، یان پێشتر بازرگان بووە، بەڵام دادگە تەواوی ئەو پاساوانەی رەتکردەوە، چونکە هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەیان پێشکەش نەکراوە.
دادگە جەختی کردووەتەوە کە زەوبەعی ئازاد ناکرێت تەنانەت ئەگەر ماوەی 7 ساڵ زیندانییەکەشی تەواو بکات، مەگەر ئەوەی تەواوی ئەو پارە ملیۆن دۆلارییەی لێی داوا کراوە بگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، تەڵاڵ زەوبەعی لەدایکبووی ساڵی 1969ی بەغدایە و لە تەمووزی 2026 لە کاتی هەڵمەتێکی دژەگەندەڵی حکومەتدا لە باخەکەی خۆی دەستگیرکرا.
PM:08:08:04/09/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت