دەستەی دەستپاکیی عێراق: تەنها لە یەک زەویدا زیاتر لە 34 ملیار دینارمان گێرایەوە بۆ حکومەت
وێستگەنیوز-
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، توانیویانە ڕێگری بکەن لە بەهەدەردانی بڕی 34,292,160,000 دینار لە سامانی گشتی، کە بڕیار بوو لە ڕێگەی فرۆشتنی زەوییەکی 136 دۆنمییەوە لە پارێزگای ئەنبار بەهەدەر بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئەیلولی 2026، دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار پڕۆسەی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیارییان لە لقی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت لە پارێزگاکە ئەنجامداوە، سەبارەت بە سەرپێچییەک لە خەمڵاندنی نرخی زەوییەک کە ڕووبەرەکەی زیاتر لە 136 دۆنمە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە نرخی زەوییەکە بە نرخێکی زۆر کەم داندرابوو کە لەگەڵ بەهای ڕاستەقینەیدا نەدەگونجا، هەروەها چەندین سەرپێچیش لە شێوازی ڕاگەیاندنی فرۆشتنی زەوییەکەدا هەبووە، ئەو جیاوازییەی لە نرخەکەدا دروست بووە و وەک بەهەدەران هەژمار کراوە، بڕەکەی 34,292,160,000 دینار بووە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە ئەنبار بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی دەستبەجێی ڕێکارەکانی فرۆشتنی ئەو زەوییە.
هاوکات دۆسیەکە ڕەوانەی بەشی وردبینی دەرەکی کراوە و وتەی نوێنەرانی یاسایی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ئەنبار وەردەگیرێت بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان.
PM:05:57:03/09/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت