عەلی زەیدی: رێنماییمان داوە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و کاراکردنی یاسای پاداشتی زانیاریدەران
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەردانی دەستەی دەستپاکی کرد و لەگەڵ ستافە باڵاکەی کۆبووەوە، تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە جەنگی دژی گەندەڵی جەنگێکی گەورەیە و دەستەکە نوێنەرایەتی هێڵی یەکەمی بەرپەرچدانەوە دەکات.
سەرۆک وەزیران لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە رۆڵی دەستەی دەستپاکی تەنیا لە لایەنی چاودێریدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو لایەنی خۆپارێزیش بگرێتەوە تاوەکو سیستەمی گەندەڵی بە یەکجاری لەناو ببرێت، هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی پارێزگاکان هاوشێوەی پڕۆژەکانی وەزارەتەکان بکرێت.
لەبارەی شێوازی کارکردن لەسەر پڕۆژەکان، زەیدی رێنمایی دا کە بەدواداچوونەکان بەپێی 3 ئاست بێت؛ بە جۆرێک لەو پڕۆژانەوە دەست پێ بکات کە تێچوویان بەرزە، پاشان پڕۆژە مامناوەندەکان و دواتر پڕۆژە بچووکەکان، ئەمەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی هەوڵە چاودێرییەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد، لەوانە: کاراکردنی یاسای پاداشتی ئەو کەسانەی هەواڵی گەندەڵی دەدەن، بەهێزکردنی چاودێری دەروازە سنوورییەکان و ئاشکراکردنی گەندەڵکاران، هاوکات داوای کرد کە مانگانە و وەرزی راپۆرتی ورد لەسەر رەوتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاستی جێبەجێکردنی رێنماییەکان پێشکەش بکرێت.
PM:02:04:29/08/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت