ناسنامەی بکوژی عەمیدەکەی ناوچەی دۆرە ئاشکرا کرا و دەستگیرکرا
وێستگەنیوز-
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو عەمیدێکی سوپا و کارمەندێکی پۆلیسی لە ناوچەی دۆرەی بەغدا کوشت بوو.
ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشکرای کرد، دوای هەوڵێکی تەکنیکی و مەیدانیی ورد لەلایەن شانەی هەڵۆکان لە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان، توانرا بکوژی عەمید هیشام محەمەد تەلاع و کارمەندێکی یاوەری دەستگیر بکرێت.
بەپێی راگەیاندراوەکە، تۆمەتباری بکوژ ناوی (محەمەد عەبدولمەجید)ە و لەژێر سەرپەرشتی و بەدواداچوونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (عەلی زەیدی) پرۆسەی دەستگیرکردنەکەی ئەنجامدراوە.
روداوەکە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کاتێک روویدا، کە هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی هەڵمەتێکی تێکدانی خانووی زیادەڕۆ بوون لە گەڕەکی کەرارە لە ناوچەی دۆرەی بەغدا، بەو هۆیەوە پێکدادان لەنێوان هێزەکان و خاوەن خانووەکان دروستبوو.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، ئەفسەرێک بە پلەی عەمید و کارمەندێکی پۆلیسی بەغدا گیانیان لەدەستدا، هەروەها 4 کارمەندی دیکەی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی بەغدا بریندار بوون.
AM:09:53:29/08/2026
ئهم بابهته 456
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت