مەسعود حەیدەر: تەیف سامی شکستخواردووترین وەزیری داراییە لە مێژووی عێراقدا


وێستگەنیوز-

مەسعود حەیدەر، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، هێرشێکی توند دەکاتە سەر تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی و داوا دەکات لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دادگایی بکرێت، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خستنە ناو ناوی ناوبراو لە لیستی تیرۆری ئەمریکا.


مەسعود حەیدەر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردەوە، تەیف سامی "شکستخواردووترین" وەزیری داراییە لە مێژووی عێراقدا، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ماوەی ئیدارەدانی وەزارەتدا، عێراقی خستووەتە ژێر باری قەرزی زیاتر لە 200 ترلیۆن دینار و بڕی زیاتر لە 140 ملیار دۆلاری ئەمریکیشی بەفیڕۆداوە.

ئەم تۆمەتانەی بریکاری پێشووی وەزارەت لە کاتێکدایە، کە کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ئیدارەی واشنتۆن ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە و ناوی خستووەتە لیستی چاودێریی تیرۆرەوە، ئەوەش بەهۆی گومانی هاوکاریکردن لە دابینکردنی دارایی بۆ گروپە چەکدارەکان.


گرژییەکانی نێوان تەیف سامی و مەسعود حەیدەر مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2023، کاتێک مەسعود حەیدەر پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی وەرگرت، لەو ماوەیەدا ناکۆکی توند لەسەر پرسەکانی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوانیاندا دروست بوو، کە دواتر گەیشتە ئەوەی وەزیری دارایی دەسەڵاتەکانی بریکارەکەی سنووردار بکات.

ململانێکان لە نێوان ساڵانی 2024 تاوەکو سەرەتای 2026 گەیشتنە لوتکە، بە جۆرێک مەسعود حەیدەر شێوازی کارکردنی تەیف سامی بە "میزاجی خێڵەکی" ناوبرد، دواتر لە ناوەڕاستی ساڵی 2025دا، مەسعود حەیدەر بەهۆی دروستبوونی مەترسی و هەڕەشەی ئەمنی لەسەر ژیانی، ناچار بوو شاری بەغدا جێبهێڵێت.

ئێستا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتە ئەمنییەکانی ئەمریکا لەسەر تەیف سامی، جارێکی دیکە مەسعود حەیدەر داوا دەکات دادگاکانی عێراق بێنە سەر خەت و لێپرسینەوە لەو زیانە داراییانە بکەن کە لە سەردەمی ئەو وەزیرەدا بەر ژێرخانی ئابووری وڵات کەوتووە.


PM:10:17:28/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو