عەلی زەیدی فەرمانی گەمارۆدانی ناوچەی دۆرە و دەستگیرکردنی تاوانبارانی دەرکرد


وێستگەنیوز-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا هاوخەمی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی دۆرەی بەغدا دەربڕی و بەڵێنی سزادانی توندی تاوانبارانی دا.


لە راگەیەندراوەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، عەمید هیشام محەمەد تەڵاع، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمیندارییەتی لە کەرتی کەرخ و کارمەند خالید عەباس لفتە، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان لە ناوچەکانی دۆرە، کەرارە و گەڕەکی دیجلە، لەلایەن "دەستی خیانەتکار و یاساشکێنانەوە" کراونەتە ئامانج و کوژراون.

عەلی فالح زەیدی جەختی کردەوە کە خوێنی ئەم دوو ئەفسەر و کارمەندە بەفیڕۆ ناچێت و ئەم جۆرە دەستدرێژییە تاوانکارییانە بۆ سەر دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان، حکومەت لە بەردەوامبوون لەسەر هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا سارد ناکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تەندروستی بریندارەکانی دیکەی رووداوەکە دەکات کە لە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەمیندارییەتی بەغدان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردووە کە رێکارەکان توند بکەن و ئەو ناوچەیەی رووداوەکەی تێدا روویداوە گەمارۆ بدەن، زەیدی فەرمانی راوەدوونانی دەستبەجێی هەموو ئەو کەسانەی دەرکرد کە دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە، تاوەکو رادەستی دادگا بکرێن و ببنە وانەیەک بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت زیان بە شکۆی یاسا و کارمەندانی دەوڵەت بگەیەنێت.


PM:03:00:27/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو