بەغدا؛ بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانیی کەرخ و مفەوەزێک لە کاتی لابردنی زێدەڕۆیی کوژران
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغدا، پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک هاوڵاتی دروستبوو، کە بەهۆیەوە ئەفسەرێکی باڵا و کارمەندێکی پۆلیس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
سەعد مەعن، بەرپرسی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانیی کەرخ بە پلەی عەمید، لەگەڵ مفەوەزێکی پۆلیس لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمیدا کوژراون، رووداوەکە لە ناوچەی (کەرارە)ی سەر بە گەڕەکی دۆرە بووە، کاتێک تیمەکانی ئەمینداریەتی بەغدا بە مەبەستی لابردنی چەند زێدەڕۆییەک چوونەتە ناوچەکە، بەڵام رووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە لەلایەن خاوەن ماڵەکانەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی ئەو شەڕەتەقەیەی لە نێوان هەردوولا دروستبووە، جگە لەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی و 4 فەرمانبەری ئەمینداریەتی بەغداش بریندار بوون.
لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم رێگاکانی هاتووچۆیان لە ناوچەی دۆرە داخستووە، گەڕان و بەدواداچوونی چڕ بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تەقەکردنەکە دەستیپێکردووە کە تا ئێستا دەستگیر نەکراون و لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.
PM:02:27:27/08/2026
ئهم بابهته 212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت