بانکی ناوەندی عێراق: فرۆشی دۆلار لە عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە


وێستگەنیوز-

بانکی ناوەندیی عێراق نوێترین ئاماری فرۆشی دراوی بیانی بڵاوکردەوە و بەپێی داتاکان، فرۆشی دۆلار لە مانگی تەمووزی 2026دا پاشەکشەی کردووە و گەیشتووەتە 5.662 ملیار دۆلار.


بەپێی ئامارەکان، فرۆشی مانگی تەمووز بە بڕی 195 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە بەراورد بە مانگی حوزەیران کە تێیدا 5.857 ملیار دۆلار فرۆشرابوو، ئەمەش دەکاتە دابەزینێک بە رێژەی 3.3%، فرۆشی ئەم مانگە دابەشبووە بەسەر 295 ملیۆن دۆلار بە شێوەی نەختینە (کاش) و 5.367 ملیار دۆلاریش بۆ بەهێزکردنی رەسیدی بانکەکان لە دەرەوەی وڵات.

لە لایەکی دیکەوە، ئامارە ساڵانەکان پاشەکشەیەکی زۆر گەورەتر نیشان دەدەن؛ فرۆشی تەمووزی 2026 بە رێژەی 20% دابەزیوە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2025، کە ئەو کات بڕی فرۆش گەیشتبووە 7.081 ملیار دۆلار، واتە تەنیا لەو مانگەدا فرۆشتنەکان 1.419 ملیار دۆلار کەمیان کردووە.

خاڵێکی سەرنجڕاکێش لە داتاکاندا ئەوەیە، هەرچەندە کۆی گشتی فرۆش کەمی کردووە، بەڵام فرۆشتنی نەختینە (کاش) لەسەر بنەمای ساڵانە بە رێژەی 31.7% زیادیکردووە و لە 224 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 295 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، لە بەرانبەردا، پارەی حەواڵەکراو بۆ دەرەوە لە 6.857 ملیار دۆلارەوە بۆ 5.367 ملیار دۆلار دابەزیوە.

سەبارەت بە کۆی گشتی فرۆشی 7 مانگی یەکەمی ساڵی 2026، بانکی ناوەندی ئاشکرای کردووە کە گەیشتووەتە 31.574 ملیار دۆلار، ئەم بڕە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025، کە 47.985 ملیار دۆلار بووە، بە رێژەی 34.2% پاشەکشەی کردووە، کە دەکاتە کەمبوونەوەی زیاتر لە 16.411 ملیار دۆلار لە فرۆشی دراوی بیانی.


PM:02:09:26/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت