عەلی زەیدی وێڕای پیرۆزبایی مەولوود، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی


وێستگەنیوز-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عێراق و تەواوی ئومەتی ئیسلامی کرد و یادی مەولوودی وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی وەسف کرد.


سەرۆک وەزیران لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم یادە پیرۆزە ئەو بەها باڵایانەمان وەبیر دەهێنێتەوە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هێناونی، کە لە پێشەنگیاندا رەحمەت، لێبوردەیی، دادپەروەری، برایەتی و تەبایی هەیە، ئەمانەش وەک رەگ و ریشەی قووڵی کۆمەڵگەی عێراقی ناو برد.

زەیدی داوای کرد ئەم بۆنەیە بکرێتە هەوێنێک بۆ نوێکردنەوەی جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی و تەبایی نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەل و چەسپاندنی کولتووری میانڕەوی، بە جۆرێک کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و یەکپارچەیی وڵات بپارێزێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیران پابەندبوونی حکومەتەکەی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی عێراق، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی رێڕەوەکانی گەشەپێدان و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، تاوەکو لەو رێگەیەوە بژێوی هاووڵاتییان باشتر بکرێت و ژیانێکی شایستە بۆ گەلی عێراق دابین بکرێت.


PM:01:11:25/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت