حەشدی شەعبی هێرشێکی داعشی لە دووزخورماتوو تێکشکاند
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئابی 2026، فەرماندەیی لیوای 63 لە حەشدی شەعبی پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی چەکدارانی رێکخراوی داعشی بۆ سەر یەکێک لە خاڵە ئەمنییەکانی لە قەزای دووزخورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین راگەیاند.
لیوای 63 لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە فەوجی کۆماندۆی سەر بە لیواکەیان رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەتەوە کە لەلایەن گروپێکی چەکدارانی داعش لە سنووری چیاکانی مۆرسە عەلی لە قەزای دووزخورماتوو ئەنجامدراوە، هێزەکانیان دەستبەجێ بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و لەگەڵ چەکدارەکاندا بە شەڕ هاتوون، ئەوەش وای کردووە هێرشبەران بەبێ پێکانی ئامانجەکانیان بەرەو ناوچە سەختەکان رابکەن.
هاوکات لەگەڵ تێکشکاندنی هێرشەکە، هێزێکی هاوبەشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بەیانی ئەمرۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی فراوانیان لە دەوروبەری چیاکانی مۆرسە عەلی و ناوچە سەختەکان دەستپێکردووە بە مەبەستی شوێنپێهەڵگرتنی ئەو گروپە چەکدارەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە، دیاریکردنی رێڕەوی جووڵەی چەکدارەکان و لەناوبردنی مۆڵگەکانیانە لەو ناوچانەدا، فەرماندەیی لیوای 63 جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جووڵەیەکی تیرۆریستی کە ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
لە ئێستادا هێزە بەشداربووەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، بەردەوامن لە گەڕان و پشکنینی ورد بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نوێی چەکدارانی رێکخراوەکە و چەسپاندنی زیاتری سەقامگیری لە سنووری قەزای دووزخورماتوو.
AM:08:30:23/08/2026
ئهم بابهته 384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت