سەرۆک کۆماری عێراق: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە داوای عێراق هات، بەڵام ئێستا پێویستمان پێیان نییە
وێستگەنیوز-
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە 8ەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغدا، چەندین زانیاری گرنگی لەبارەی دۆخی سیاسی، ئەمنی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە وڵات بەرەو قۆناغی یەکلاکردنەوەی تەواوی کێشەکان هەنگاو دەنێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد، سێ شایستە دەستوورییەکە یەکلاکراونەتەوە و بەمزووانە کابینەی حکومەت تەواو دەبێت، چونکە ئیرادەیەکی نیشتمانی بۆ ئەو کارە هەیە، راشیگەیاند، حکومەتی ئێستا بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی تەحەداکانی ئەمنی و ئابووری و هەوڵدەدات هەموو کێشەکان سفر بکاتەوە.
لەبارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، نزار ئامێدی جەختی کردەوە کە بڕیاری عێراق نیشتمانییە و وڵات ناگلێتە هیچ جەنگێکەوە، چونکە عێراق پێشتر زۆرترین زیانی لە جەنگەکان بەرکەوتووە، ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەیان کردووە و پەیامیان پێ گەیاندوون سەبارەت بە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەبارەت بە پرسی چەک و هێزە بیانییەکان، سەرۆک کۆمار وتی: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە داوای عێراق هات، بەڵام ئێستا پێویستمان پێیان نییە و لە 30ی ئەیلوولی داهاتوو دەکشێنەوە"، هەروەها جەختی کردەوە کە بە گوێرەی دەستوور و داوای مەرجەعیەتی ئایینی لە نەجەف، دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و رێگەش نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
سەرۆک کۆمار باسی لە کێشەکانی وزەش کرد و وتی، عێراق لە گواستنەوەی نەوتدا کێشەی هەیە چونکە گواستەرەوەیەکی نیشتمانی نییە، بەڵام ئاسانکاری بۆ ئەو کەشتیانە هەیە کە نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە دەگوازنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، نزار ئامێدی ئاماژەی بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە باکووری وڵات کرد و رایگەیاند، دەیانەوێت لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە کێشەکان لەگەڵ تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان چارەسەر بکەن، چونکە ئاسایشی ناوچەکە بەندە بە سەقامگیریی عێراقەوە.
AM:11:22:22/08/2026
ئهم بابهته 196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت