قالیباف لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نزار ئامیدی: ئامانجی ئەمریکا تاڵانکردنی وڵاتانی کەنداوە
وێستگەنیوز-
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ نزار ئامیدی، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ئەمریکا گەورەترین کێشەی ناوچەکەیە و تەنها بۆ تاڵانکردنی وڵاتانی کەنداو لە ناوچەکەدا ماوەتەوە.
بەپێی میدیا ئێرانییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـەی ئابی 2026، نزار ئامیدی سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە محەمەد باقر قالیباف کرد و تێیدا چەند پرسێکی گرنگی سیاسی و ئابووری تاوتوێکران.
قالیباف وتویەتی، سەدام بە فیتنە و حیلهی ئەمریکا تاوانی دژ بە هەردوو وڵات ئەنجامدا، بەڵام ئێستا تاران و بەغدا لە ڕۆژە سەختەکاندا پێکەوەن، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی هۆکاری سەرەکی جەنگەکانی ناوچەکەن و دەیانەوێت تەنها سەروەت و سامانی وڵاتانی کەنداو تاڵان بکەن.
قالیباف هەروەها جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردەوە لە ڕێگەی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی شەلامچە، پاککردنەوەی شەتولعەرەب و گەشەپێدانی بازاڕە سنوورییەکان.
لای خۆیەوە، نزار ئامیدی ئاماژەی بەوە کرد، جەنگەکان لە ناوچەکەدا نامرۆڤایەتی بوون و شوێنەواری خراپیان لەسەر عێراق جێهێشتووە.
ڕایشیگەیاندووە: پێویستە دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە کۆتایی بێت، چونکە ئێمە خوازیاری کۆتاییهاتنی هەموو جەنگەکانین.
نزار ئامیدی جەختیشی کردەوە کە عێراق خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژی و سەرچاوەی دەوڵەمەندە و وەک لایەنێکی کاریگەر بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران.
PM:06:16:19/08/2026
ئهم بابهته 512
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت