دادگای عێراق سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بێتاوان کرد


وێستگەنیوز-

دادوەریی عێراق رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2026، بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی عەباس یەعقووبی، بەڕێوەبەری هەواڵگری ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا لە دەستەی حەشدی شەعبی دەرکرد و بێتاوانییەکەی لەو تۆمەتانە راگەیاند کە ئاراستەی کرابوون.


بەپێی بڕیارە دادوەرییەکە، تەواوی ئەو کەیس و رێکارە یاساییانەی لە دژی عەباس یەعقووبی (کە بە عەباس حوسێن مەتەر ناسراوە) کرابوونەوە، هەڵوەشێندرانەوە، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە ناوبراو بە تۆمەتی "ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق" لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لە ناحیەی فەزیڵەی باشووری ناسریە دەستگیرکرابوو.

پڕۆسەی دەستگیرکردنی یەعقووبی، کە هاوکات بەرپرسی هەواڵگری بزووتنەوەی نوجەبایە، شەپۆلێکی توندی گرژی سیاسی و ئەمنیی لە بەغدا و پارێزگاکانی باشوور دروست کرد، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گروپە چەکدارەکان پەیامی توندیان ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کردبوو و هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو ئەگەر شوێنی دەستبەسەرکردنی یەعقووبی دیاری نەکرێت و ئازاد نەکرێت، "بەغدا دەسووتێنن" و دەچنە ناو ناوچەی سەوز.

لە لایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی نوجەبا لە بەیاننامەیەکدا بە توندی سەرکۆنەی شێوازی دەستگیرکردنەکەی کرد و حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی سیاسەتی پەرەپێدانی گرژی دژی "گروپەکانی بەرگری" پەیڕەو دەکات، نوجەبا دەستگیرکردنەکەی بە "ترساندنی خێزانی بەرگریکاران" وەسف کرد و رەتیکردەوە یەعقووبی هیچ پەیوەندییەکی بە دۆسیەکانی گەندەڵی یان هەڕەشەکردن لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە هەبووبێت.

دوای دەستوەردانی چەندین سەرکردەی سیاسی، بەتایبەت سەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە گواستنەوەی گرژییەکان بۆ سەر شەقام، دواجار دادگا کەیسەکەی یەکلاکردەوە و بەهۆی نەبوونی بەڵگەی یاسایی، عەباس یەعقووبی بە شێوەیەکی تەواوەتی ئازادکرا.


PM:02:48:19/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت