وێستگەنیوز زانیارییەکی نهێنی بڵاودەکاتەوە: هۆشداری لە هێرشی داعش بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان دەدرێت
وێستگەنیوز-
بەپێی بەڵگەیەکی نهێنی فەرمانگەی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە کۆپییەکی دەست وێستگەنیوز کەوتووە و لەبەر لایەنی رۆژنامەوانی بڵاویناکاتەوە، هۆشداری بەپەلە دراوەتە هێزە ئەمنییەکان لەبارەی جووڵەی مەترسیداری چەکدارانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئەنبار.
بەڵگەنامەکە کە پلەی "نهێنی و دەستبەجێی" بۆ دانراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتژمێر 14:00ی رۆژی 8ی ئابی 2026، ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا بارهەڵگری سپی کە چادرێکی بیابانی بەسەرەوە بووە، لە ناوچەی باشووری روتبە بینراوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ناو نووسراوەکە، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا 3 چەکداری داعش هەبوون کە پۆشاکی "قەندەهاریی" رەنگ بێجییان پۆشیوە، شوێنی جووڵەی چەکدارەکان لە نزیک سنوورە هاوبەشەکانی نێوان عێراق، ئوردن و سعودیە بووە و لە نێوان چەند پۆوتانێکی (ئیحداثیات) دیاریکراودا لە هاتوچۆدا بوون.
لە بەڵگەنامە نهێنییەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە نیەتی ئەو چەکدارانە ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستییە بۆ سەر ئەو هێزە ئەمنییانەی لەو ناوچە سنوورییانە جێگیرکراون.
لەسەر ئەم بنەمایە، نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و پۆلیسی ئەنبار ئاگادارکراونەتەوە کە بە شێوەیەکی دەستبەجێ رێکاری پێویست بگرنەبەر و لە ئامادەباشی تەواودا بن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و رووبەڕووبوونەوەیەک.
PM:12:15:10/08/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت