ئامارێکی نوێ لەبارەی پارە گەڕێندراوەکانی هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق بڵاوکرایەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئابی 2026، روانگەی "ئیکۆ عێراق" ئاماری نوێی ئەو پارانەی ئاشکرا کرد کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "بەرەبەیان" بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕێندراونەتەوە، بەپێی ئامارەکە، بڕی پارە گەڕێندراوەکان لە خەرجیی مووچەی چەندین وەزارەت و دەستەی حکومەتی تێپەڕاندووە.


لە راگەیەندراوەکەی روانگەی ئیکۆ عێراقدا هاتووە، بڕی 390.08 ملیار دیناری عێراقی گەڕێندراوەتەوە، کە بڕی 141 ملیۆن دۆلاریشی تێدایە و گۆڕدراوە بۆ دینار، هەروەها دەست بەسەر 500 کیلۆگرام (نیو تۆن) زێڕدا گیراوە، کە ئەگەر نرخی هەر گرامێکی بە 185 هەزار دینار هەژمار بکرێت، کۆی بەهای پارە گەڕێندراوەکان بۆ نزیکەی 482.6 ملیار دینار بەرز دەبێتەوە.

بەپێی شیکردنەوەکانی روانگەکە، ئەم بڕە پارەیە بەسە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی وەزارەتەکانی (گواستنەوە، ژینگە، کۆچ و کۆچبەران و نەوت)، هەروەها نزیکەی یەکسانە بە مووچەی تەواوی فەرمانبەران و ستافی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ مانگێکی تەواو، هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم بڕە پارەیە یەکسانە بە نیوەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران.

هەڵمەتی "بەرەبەیان" کە یەکێکە لە گەورەترین هەڵمەتەکانی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە مێژووی عێراقدا، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2026 لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە راگەیەندرا، ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتەکە دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو و گەڕاندنەوەی سامانی تاڵانکراوی دەوڵەتە. لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە دەیان بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار دەستگیر کراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە پارەی کاش و زێڕ و موڵکدا گیراوە کە لە شوێنی نهێنیدا شاردراونەتەوە.


PM:03:33:09/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو