وەزیرانی داد و دارایی عێراق کۆبوونەوە
وێستگەنیوز-
خالید شوانی، وەزیری دادی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ ئەم مانگە ئەمڕۆ کۆتایی دێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها پێویستە داهاتەکان کۆبکرێنەوە تاوەکو پارەی مووچەی هەرێم رەوانە بکرێت.
ئەم لێدوانانەی وەزیری داد لە کاتێکدایە، کە ناوبراو لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە و تێیدا تاوتوێی میکانیزمەکانی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانی وڵاتیان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانگە دادوەرییەکان تەواو بکرێن، بە مەبەستی دانانی ئەو پارانەی کە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی کۆدەکرێنەوە.
هەروەها هەردوو وەزیر رێککەوتن لەسەر دووبارە چاوخشاندنەوە بە میکانیزمەکانی خەمڵاندنی ئەو عەقارات و موڵک و ماڵانەی کە سەر بە دەوڵەتن. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی رەوانکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و بەهێزکردنی شەفافیەت لە مامەڵە تایبەتەکان بە موڵکە دەوڵەتییەکان نراوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی داد خەریکی ئامادەکردنی بنکەیەکی زانیاری گشتگیرە بۆ هەموو موڵک و ماڵەکانی دەوڵەت، بڕیارە وێنەیەک لەو زانیارییانە رادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی باشتر بۆ سەرمایەکانی دەوڵەت و دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان دامەزراوەکانی حکومەتدا.
PM:01:38:09/08/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت