عەلی زەیدی چەند بڕیارێکی نوێی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری دارایی و ئابووری دەرکرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتی دووەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی باڵای سەقامگیری دارایی و نەختینەی کرد، کە تێیدا چەندین دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئابووری و دارایی وڵات تاوتوێ کران.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، پێداچوونەوە بە پێوەرە داراییەکان و ئەو ئاستەنگانەدا کرا کە رووبەڕووی سیستەمی ئابووری دەبنەوە، ئامانجی سەرەکی دانیشتنەکە بەرزکردنەوەی هەماهەنگی و یەکخستنی سیاسەتە دارایی و نەختینەییەکان بوو بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری بازاڕ.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە نانەوتییەکان و دابینکردنی نەختینەیی کرا، هەروەها جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی دەستپێشخەرییەکانی چاکسازی ئابووری و بانکی و بەرزکردنەوەی کارایی سیستەمی دارایی کرایەوە، بە مەبەستی گەیشتن بە ژینگەیەکی ئابووری بەردەوام.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە نێوان وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردەوە، داواشی کرد بەدواداچوونی ورد بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکان بکرێت و چارەسەری کردەیی بۆ ئاستەنگە داراییەکان بدۆزرێتەوە.

لە کۆتاییدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە توانای ئابووری نیشتمانی بەرامبەر گۆڕانکارییەکان بەهێز بکرێت و هانی چالاکییە ئابوورییەکان بدرێت، بەتایبەتی لەو سێکتەرانەی کە پشت بە نەوت نابەستن، بۆ ئەوەی ئابوورییەکی سەقامگیر و گەشەسەندوو دابین بکرێت.


PM:11:27:08/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو