عەلی زەیدی بانگهێشتی ئیمانوێل ماکرۆنی بۆ عێراق کرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و پاریسی لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرد.


لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا باسیان لە دۆسیە ئابووری و وەبەرهێنانەکان کرد، بەتایبەت ئەو دەرفەتانەی لەبەردەم کۆمپانیا فەڕەنسییەکاندا هەن بۆ کارکردن لە عێراق، هەروەها تیشک خرایە سەر بارودۆخی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانگهێشتی فەرمی ئاراستەی ئیمانوێل ماکرۆن کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق، بە ئامانجی بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئابووری و وەبەرهێنانی بەردەوام کە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بپارێزێت، زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتەکەی بەردەوامە لە کارکردن بۆ ئەوەی عێراق ببێتە هێزێکی ئابووری و سیاسی کاریگەر لە ناوچەکەدا و ببێتە خاڵی بەیەکبەستنەوەی هێڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پەرۆشی پەیوەندیی هاوسەنگە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و رێگە نادات خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت، هاوکات پاراستنی سەروەریی عێراق و پەنابردن بۆ گفتوگۆی وەک بنەما بۆ چارەسەری کێشەکان ناوبرد.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان، عەلی فالح زەیدی رایگەیاند، رۆژی 30ی ئەیلولی داهاتوو وادەی کۆتایی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە عێراق. روونیشیکردەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان دەبێتە دەرفەتێکی گەورە بۆ عێراق تا هەوڵەکانی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری چڕ بکاتەوە.

لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی کرد و پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی چاکسازیی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەربڕی. هەروەها جەختی کردەوە کە فەڕەنسا لە هاوکارییەکانی بۆ عێراق لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبێت.


PM:04:36:08/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو