موقاوەمەی ئیسلامی هێرشەکانی بۆ سەر سعودیە دواخست


وێستگەنیوز-

گروپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە راگەیەندراوێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە بڕیاریان داوە ئەو هێرش و وەڵامەی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجامی بدەن، دوابخەن.


لە راگەیەندراوەکەی موقاوەمەی ئیسلامیدا هاتووە، "وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی حاجی موجاهید (ئەبو حەسەن ئەلعامری) و بەدەمەوەچوونی هەڵوێستی هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان، بڕیار درا بە دواخستنی ئەو وەڵامەی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ 23ی مانگی سەفەر ئەنجام بدرێت."

گروپەکە لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە خوێنی شەهیدەکانیان بە هیچ جۆرێک نابێتە کەرەستەی مامەڵەکردن لە بازاڕی هاوکێشە سیاسییەکاندا. هاوکات رەخنەی توندیان ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی ناو دەسەڵات کردووە و داوایان لێ کردوون "بگەڕێنەوە سەر رێگای راست و پارێزگاری لە سەروەریی وڵات بکەن."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، موقاوەمەی ئیسلامی هۆشداریی داوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا و رایانگەیاندووە، "خوێنی شەهیدان و بریندارەکانمان سوتەمەنی خۆڕاگریمانە و سازش لەسەر پیرۆزی خاک و کەرامەتی شەهیدان ناکەین."

ئاماژە بەوەش کراوە کە بە بڕوای ئەوان "سەروەری بە بەیاننامەی شەرمێنراو ناگێڕدرێتەوە"، بەڵکو بە هەڵوێستی کرداری دەسێنرێتەوە. تائێستا گروپەکە کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان دیاری نەکردووە.


PM:09:33:07/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو