زەیدی بۆ سەرۆکی هەواڵگری سعودیە: رێگە نادەین خاکەکەمان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان بەکاربێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 7ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشوازی لە خالید بن عەلی ئەلحومەیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی لە شانشینی سعودیە و شاندی یاوەری کرد.


لە دیدارەکەدا، شاندی میوان پەیامێکی سەرکردایەتی سعودیەیان گەیاندە سەرۆک وەزیران و بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ سەردانکردنی ریازی پایتەخت نوێکردەوە، هەروەها هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی رێگاکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە کرد.

عەلی فالح زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەلی برا بکات، سەرۆک وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، رێگە نادرێت خاکی عێراق بۆ هەر کار و چالاکییەک بەکاربهێنرێت کە زیان بە وڵاتانی تر بگەیەنێت، ئەمەش وەک رێزگرتنێک لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ و دۆست.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی ئەمنی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکاندا. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو لە چوارچێوەی یاساییدا دێت، تاوەکو ناوچەکە لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دووربخرێتەوە.


PM:07:51:07/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو