ڕاوێژکارێکی عەلی زەیدی: مووچە پارێزراوە و حکومەت توانای دابینکردنی هەیە
وێستگەنیوز-
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران و دەڵێت، سەرەڕای فشارە داراییەکان، حکومەت توانای تەواوی هەیە بۆ مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ڕایگەیاند، حکومەت بنەمای پێدانی لەپێشینەیی ڕەها بۆ خەرجییە سەروەرییەکان پەیڕەو دەکات، کە لە سەرووی هەموویانەوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت چەند هەنگاوێکی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە دوانەکەوێت، لەوانە، سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی لەپێشینەییەکانی خەرجکردن، دواخستنی هەندێک خەرجیی ناپێویست کە کاریگەرییان لەسەر بژێوی خەڵک نییە، بەڕێوەبردنی وردی نەختینەی بەردەست بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی مووچە لە ژێر سایەی فشارە داراییە کاتییەکاندا.
ڕاوێژکارەکەی عەلی زەیدی ڕوونی کردەوە، ئەو گرفتەی ئێستا دەبینرێت پەیوەندی بە "کورتهێنانی هەمیشەیی" یان نەبوونی پارەوە نییە، بەڵکو تەنها پەیوەندی بە کاتی گەیشتنی داهاتەکانەوە هەیە.
جەختیشی کردەوە کە بەڕێوەبردنی نەختینە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و دابینکردنی شایستە داراییەکان بەبێ گرفت.
PM:06:24:06/08/2026
ئهم بابهته 444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت