وادەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و سزای سەرپێچیکاران دیاریکرا
وێستگەنیوز-
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 5ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، میوانداری 37ەمین کۆبوونەوەی ئاسایی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکی باڵای دادوەری، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرکردەکانی هێزە نیشتمانییەکان ئامادە بوون.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆی چڕ لەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان کراوە. سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت پاراستنی بەرژەوەندی هاووڵاتیانی خستووەتە پێشینەی کارەکانی و هەوڵەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاری بەردەوامن.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، بابەتی چەک و ئاسایشی وڵات بوو. هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پشتیوانی خۆی بۆ هێڵانەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دووپاتکردەوە. ئامادەبووان جەختیان کردەوە کە رێگەنادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، یان عێراق پەلکێشی ناو ململانێگەلێک بکرێت کە خزمەت بە گەلەکەی ناکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانییەکە ئیدانەی هێرشەکانی سەر هێزە چەکدارەکانی عێراقی کرد و رایگەیاند، هەر رەفتارێکی چەکداری لە دەرەوەی یاسا بە تاوان دادەنرێت. بڕیاریش درا کە دوای رۆژی 30ی ئەیلولی 2026، هەر لایەن و گروپێک پابەندی هەنگاوەکانی کۆنتڕۆڵکردنی چەک نەبێت، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی ئابووری، کۆبوونەوەکە جەختی لە پێویستی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و دەروازەکانی هەناردەی نەوت کردەوە، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ گێڕانی رۆڵی ئەرێنی و ناوەندگیر لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکەدا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی. هەروەها جەخت لە بەهێزکردنی سنوورەکان و رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کرایەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت داوای کرد پەلە بکرێت لە تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت و ناردنی کارنامەکەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە مەبەستی پەسەندکردنی.
AM:09:02:06/08/2026
ئهم بابهته 536
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت