نوسەرێکی عێراق: بەرپرسانی عێراق بۆ نانی نیوەڕۆ دەچنە ئەنقەرە و بە فەرمانەوە دەگەڕێنەوە


ویستگەنیوز-

سالم مه‌شكور، نووسه‌ر و میدیاكاری عێراقی، په‌رده‌ لەسەر چەند نهێنییه‌كی په‌یوه‌ندیی نێوان بەشێک به‌رپرسانی باڵای عێراق و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ لاده‌دات و دەڵێت، عێراق بووه‌ته‌ مه‌یدانی كاری هه‌واڵگریی جیهانی.

سالم مه‌شكور نوسەر و میدیاکاری عێراقی لە چاوپێکەوتنێکدا لە میدیا عێراقییەکان رایگەیاند، ئێستا هێڵێکی ئاسمانیی تایبەت لە نێوان کەرکووک و ئەنقەرەدا هەیە، کە تێیدا فڕۆکە بچووک و تایبەتەکان بەرپرسە باڵا و سیاسییە گەورەکانی عێراق دەگوازنەوە بۆ تورکیا.

دەڵێت: ئەو بەرپرسانە تەنیا بۆ نانی نیوەڕۆ بانگهێشت دەکرێن، بەڵام لەوێ ڕێنمایی و فەرمانەکانیان پێ دەدرێت و پاش نیوەڕۆ دەگەڕێنەوە بۆ عێراق.

باسی لەوەشکرد، سەرکردەیەکی تورکمان دەناسێت کە کۆمەڵێک کەسی کۆکردووەتەوە و ناردنی بۆ ئەنقەرە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی تورکیا کۆببنەوە، لەوێ میت خۆی فلتەریان دەکات و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکات و یەکێکیان هەڵدەبژێرێت تاوەکو پاڵپشتی لێ بکات.

هاوکات ئاشکرای کرد کە وەزیرێکی ئەمنیی گرنگ لە حکومەتی پێشوودا پەیوەندییەکی یەکجار توندوتۆڵی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتێکی دراوسێدا هەبووە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا عێراق بووەتە شوێنی تەراتێنی دەزگا هەواڵگرییەکانی هەموو جیهان و زۆر بە ئاسانی لەسەر ئاستی تاکەکەسییش خەڵک بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی دەرەوە ڕادەکێشن.



PM:10:27:05/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت