داوا دەکرێت وردبینی لە سامانی سەرجەم وەزیر و بەرپرسانی کارەبا لە 2005ـەوە بکرێت
ویستگەنیوز-
وەزیری کارەبای عێراق بڕیارێکی گرنگی دەرکرد و داوای لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانی سەرجەم ئەو بەرپرسە باڵایانە دەکات کە لە ماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا لەو وەزارەتەدا پۆستیان هەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی عەلی سەعدی، وەزیری کارەبای عێراقی لەسەرە، داوا لە دەستەی دەستپاکیی عێراق کراوە وردبینی لە سامانی سەرجەم ئەو وەزیر، بریکار، بەڕێوەبەرە گشتی و پلە تایبەتانە بکات کە لە ساڵی 2005 تاوەکو ساڵی 2026 لە وەزارەتەکەدا خاوەن پۆست بوون.
داواکارییەکەی وەزیری کارەبا پاڵپشتە بە حوکمەکانی ماددەی 10 لە ڕێنماییەکانی ئاشکراکردنی موڵک و سامان، ژمارە 2ـی ساڵی 2017. وەزارەتەکە لیستی ناوی تەواوی ئەو بەرپرسانەشی هاوپێچی نووسراوەکە کردووە کە لەو ماوەیەدا لە وەزارەتەکەدا کاریان کردووە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە لەپێناو جەختکردنەوە لە بنەماکانی شەفافییەت و پاراستنی داهاتی گشتی نراوە، هەروەها وەک پەرۆشییەک بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی بۆ ڕێگریکردن لە هەر گەندەڵییەکی دارایی.
وەزارەتی کارەبای عێراق یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام ڕەخنەی زۆری لێگیراوە و بڕە پارەیەکی خەیاڵی تێدا خەرج کراوە، ئەم بڕیارە نوێیەش وەک هەوڵێک بۆ سپیکردنەوەی پەڕەی وەزارەتەکە و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی پێشوو لێکدەدرێتەوە.
PM:09:12:05/08/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت