میدیا عێراقییەکان: عەلی زەیدی سەردانی سعودیە دەکات


وێستگەنیوز ـ

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەفتەی داهاتوو سەردانی عەرەبستانی سعودیە دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی نێوەندگیرییەکانەوە گرژییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز کەم بوونەتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆری نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز ئەنجامدراون و سەرکەوتوو بوون، هەر بۆیە بڕیاردرا سەردانە دواخراوەکەی زەیدی بۆ سعودیە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، لەو سەردانەدا ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەکانی ئەمنی، ئابووری و وەبەرهێنان دەکرێت.

هەروەها سعودیە بەڵێنی داوە لەو دیدارەدا بەڵگەی پێویست بداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە دەیسەلمێنن هێرش کراوەتە سەر خاکی سعودیە لە ناو سنوورەکانی عێراقەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو عەلی زەیدی سەردانی ڕیاز بکات، بەڵام بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر پێگەی گروپە چەکدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی عێراق زەیدی سەردانەکەی هەڵوەشاندەوە.


AM:10:48:04/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت