موڵکەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی دەفرۆشرێن


وێستگەنیوز-

لەگەڵ زیادبوونی قەیرانی دارایی لە عێراق، جارێکی دیکە پێشنیازی فرۆشتنی داراییەکانی دەوڵەت وەک دەرچەیەک بۆ دابینکردنی نەختینە هاتووەتەوە کایەوە. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەت خاوەنی نزیکەی 600 هەزار خانووبەرە و موڵکە، لە نێویاندا نزیکەی 1,000 کۆشکی میراتی رژێمی پێشوو کە دەکرێت بەهایان بگاتە 150 ملیار دۆلار، ئەمەش بڕی مووچەی زیاتر لە ساڵێکی فەرمانبەران دابین دەکات.


کێشەیەی رووبەڕووی حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەبێتەوە تەنها فرۆشتنی موڵکەکان نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنەوەیانە. بەپێی راپۆرتەکان، زیاتر لە 20 هەزار خانووبەرەی دەوڵەت زێدەڕۆییان کراوەتە سەر و لایەنە پەرلەمانییەکان هێزە سیاسییەکان تۆمەتبار دەکەن بە دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئەو موڵکانە. هەروەها دەخەمڵێنرێت کە لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی 70%ی موڵکەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی ناڕوون فرۆشراون.

لە رووی سیاسییەوە، عەلی زەیدی رووبەڕووی رەخنەی توندی هاوپەیمانە شیعەکانی بووەتەوە. سەرچاوە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە نەیارەکانی چاوەڕێی هەڵەکانی دەکەن و باس لە سیناریۆیەک دەکرێت بۆ لە کۆتایی ئەمساڵدا و چوون بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بە "سەرلێشێواو" لە بەڕێوەبردنی مەلەفی چەک و پارەدا وەسف دەکرێت. تەنانەت هەندێک لە هێزە شیعەکان باس لە "ونکردنی قیبلەنما" دەکەن لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە و هۆشداری دەدەن لە مەترسی دواکەوتنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم.

بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی داهات، بەغدا و ئەنقەرە رێککەوتنیان کردووە بۆ کارپێکردنەوەی هێڵی کەرکوک–جەیهان بە توانای 750,000 بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە ئەمە بەس نییە بۆ چارەسەری قەیرانەکە. حکومەت ئێستا پێویستی بە 8 تریلیۆن دیناری مانگانە هەیە بۆ مووچە، لە کاتێکدا قەرزە گشتییەکان گەیشتوونەتە نزیکەی 100 تریلیۆن دینار.

پلانی حکومەت تەنها فرۆشتنی موڵکەکان نییە، بەڵکو بیرۆکەی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و گەڕاندنەوەی پارە تاڵانکراوەکانیش لە ئارادایە. خەمڵاندنەکان باس لە بوونی 200 ملیار دۆلار لای تۆمەتبارانی گەندەڵی دەکەن، بەڵام ئەوەی گەڕێنراوەتەوە تا ئێستا لە 250 ملیار دینار تێپەڕی نەکردووە، کە بڕی 400 کیلۆ زێڕ و نزیکەی 80 خانووبەرە دەگرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، زەیدی لە ناوچەی سەوز رێکاری توندی گرتەبەر و زیاتر لە 20 بەرپرس و پەرلەمانتاری دەستگیرکرد.

عەلی زەیدی رایگەیاندووە کاتێک دەسەڵاتی وەرگرتووە تەنها 1 تریلیۆن دیناری لە گەنجینەدا دۆزیوەتەوە، لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت حکومەتەکەی مستەفا کازمی بڕی 85 ملیار دۆلار و 130 تەن زێڕی بۆ حکومەتی دوای خۆی (سودانی) بەجێهێشتبوو. ئێستا حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، پێویستی بە قەرزکردنی نزیکەی 10 تریلیۆن دینار هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە تەنگژەی مانگەکانی داهاتوو دەرباز بێت.


AM:09:18:03/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت