عەلی زەیدی: رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت
وێستگە نیوز-
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەروەریی وڵات.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر رێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژی و هەڕەشەیەک کردەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش بۆ رووبەرووبوونەوەی تەحەدییەکان و دانانی میکانیزمێکی خێرا تاوەکو رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک.
عەلی زەیدی رێنمایی دا بە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بۆ سەپاندنی یاسا و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هاوکات هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە پاراستنی سەروەریی وڵات و رەچاوکردنی پرەنسیپەکانی هاوسێیەتی باش.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە ئامادەیی هێزە چەکدارەکان کرایەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک کە وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج. زەیدی پابەندبوونی حکومەتەکەی دووپاتکردەوە بەوەی رێگە نادەن خاکی عێراق وەک سەرەتا یان رێڕەوێک بۆ دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی برا و دۆست بەکاربهێنرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکانی دەوڵەت بۆ پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
PM:11:35:01/08/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت