پەرلەمانتارێک: لوبنان زیاتر لە ملیارێک دۆلار قەرزاری عێراقە و گرێبەستەکەش پێشێلکاری تێدایە
وێستگەنیوز-
محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، زانیاری نوێی لەبارەی دۆسیەیەکی گەورەی دارایی ئاشکرا کرد، کە تێیدا لوبنان بڕی 1.1 ملیار دۆلاری عێراقی لایە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە.
خەفاجی رایگەیاند، ئەم شایستە داراییانە لە ئەنجامی گرێبەستێکی فرۆشتنی زەیتی سووتەمەنییە لە نێوان عێراق و لوبنان، بەڵام لوبنان لە دانەوەی پارەکە دواکەوتووە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆی گشتی ئەو پارەیە تەنها 150 ملیۆن دۆلاری گەڕاوەتەوە و هێشتا 950 ملیۆن دۆلار لای لوبنان ماوەتەوە، بێ ئەوەی "تەنها یەک سەنت" وەک سزای دواکەوتن لەسەر ئەو وڵاتە هەژمار بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی توندی لە شێوازی واژۆکردنی گرێبەستەکە گرت و روونی کردەوە، بەپێی بەندەکان دەبوو پارەکە تەنها بە دۆلاری ئەمریکی وەربگیرێتەوە، بەڵام پێشێلکاری کراوە و هەژمارێکی دیکە بە لیرەی لوبنانی کراوەتەوە کە زیاتر لە 106 ملیار لیرەی تێدا سپێردراوە، ئەمەش زیانێکی زۆری بە سامانی گشتی گەیاندووە.
محەمەد جاسم خەفاجی گومانی خۆی لەو بەندانەی گرێبەستەکە نیشان دا کە رێگەیان داوە هیچ سزایەک بەسەر لایەنی لوبنانیدا نەسەپێنرێت و بەرژەوەندییە گشتییەکانی عێراق رەچاو نەکرێت، داواشی کرد لێکۆڵینەوە لەو سەرپێچییە ئاشکرایانە بکرێت کە لە بەندەکانی گرێبەستەکەدا ئەنجام دراون.
PM:11:21:01/08/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت