لە دیوانیە ئەفسەرێک و دوو پۆلیس بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر ژنە زیندانییەک دەستگیرکران


وێستگەنیوز ـ

فەرماندەیی پۆلیسی دیوانیە دەستگیرکردنی ئەفسەرێک و دوو کارمەندی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی تۆمەتبار کران بە ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێکی دەستبەسەرکراو لە ناو یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس.

ئەمڕۆ شەممە 1ـی ئابی 2026، فەرماندەیی پۆلیسی دیوانیە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، ئەفسەرێک و 2 کارمەندیان لە بنکەی پۆلیسی نەهزە ڕاگرتووە و دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەستیپێکردووە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە تۆمەتبار کراون بەوەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنێکی زیندانیکراو کە لە ناو هەمان بنکەدا دەستبەسەر بووە.

پۆلیسی دیوانیە ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو ڕێکارە یاساییەکانیان گرتووەتەبەر و تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 14 لە یاسای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاگیراون، کە ئەم ماددەیە سزای زۆر توندی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە پلە و پۆستەکانیان بۆ کاری نایاسایی بەکاردەهێنن.

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا، هەرسێ تۆمەتبارەکە ڕەوانەی دادگا بکرێن بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکەیان.

بەپێی زانیارییە یاساییەکان، ئەگەر تاوانەکەیان لەسەر بسەلمێت، سزا ئیداری و یاساییەکان دەگەنە دەرکردنی یەکجارییان لە خزمەتکردن لە ناو هێزە ئەمنییەکان، جگە لە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ کەمتر نەبێت.


PM:02:16:01/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت