لە شارەوانی دیوانییە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 30 بەرپرس دەرچوو
وێستگە نیوز –
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، توانیویانە گەورەترین شانەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەناو شارەوانی دیوانییەدا هەڵوەشێننەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تەمووزی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، بە هاوکاری شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدراوە کە تیایدا زیاتر لە 30 فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین بۆ بەرپرسانی باڵا، بەڵێندەران و فەرمانبەرانی شارەوانییەکە دەرچووە.
ئاماژە بەوە کراوە، تا ئێستا 15 فەرمانبەر و 3 بەڵێندەر دەستگیرکراون، کە تێوەگلاون لە فرۆشتنی کەلوپەل بە نرخێکی خەیاڵی بە شارەوانی یان وەرگرتنی پارە بۆ پڕۆژەی وەهمی.
دانپێدانانی ئەم تۆمەتبارانە بووەتە هۆی ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 5 بەڕێوەبەری پێشوو و بەڕێوەبەری ئێستای شارەوانی دیوانییە، لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمێریاریی پارێزگاکە و چەندین بەرپرسی دیکەی وردبینی دەربچێت.
لە کاتی هەڵمەتی پشکنینەکاندا، تیمەکانی دەستپاکی هەروەها دەستیان بەسەر بڕی زیاتر لە 9 ملیار دینار لە پسوڵەی خەرجکردنی گوماناوی و ساختەدا گرتووە.
جگە لەوەش، دەستبەسەر چەندین مۆری ساختەی لیژنەکانی کڕین و وردبینیدا گیراوە کە بۆ تێپەڕاندنی مامەڵە نایاساییەکان بەکارهێنراون، هاوکات چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر پارەی نەختینەی تۆمەتبارەکان دەستیان بەسەردا گیراوە.
وەک بەشێک لە ڕێکارە یاساییەکان، دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی بڕیاری ڕاگرتنی بۆ هەموو تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان دەرکردووە.
هاوکات بەهۆی هەبوونی پەیوەندییان بە دۆسیەکانی گەندەڵییەوە، بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن بۆ چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانییە دەرچووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرە کاراکانیش بەردەوامە.
PM:07:42:30/07/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت