چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداری دەدات: رێگە نادەین عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە دەرەکییەکان


وێستگەنیوز-

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و رایگەیاند، ئەو جۆرە دەستدرێژیانە هەڕەشەی جددین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.


ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 29ی تەمووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆشکی حکومەت میوانداری کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کرد. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی ئەو هێرشانەی کە لە لایەن ئەمریکا و سعودیە ئاراستەی خاکی عێراق کراون.

لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، چوارچێوەی هەماهەنگی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە بوونە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و پیرۆزییەکانیەتی، هەروەها بە تەواوی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوەکەدا سەرسوڕمانی خۆی لەم هێرشانە دەربڕیوە و باسی لەوە کردووە، حکومەتی عێراق سیاسەتێکی دەرەکی هاوسەنگی گرتووەتە بەر و هەوڵی بنیاتنانی باشترین پەیوەندی داوە لەگەڵ دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەم جۆرە کاردانەوانە لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا ناگونجێن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە، کە گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە. هۆشداریش درا کە ئەم هێرشانە نەک تەنها خزمەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان ناکەن، بەڵکو دەبنە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدانی حەشدی شەعبی دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازێت، دووپاتیشی دەکەنەوە کە پاراستنی ئاسایشی عێراق هێڵی سوورە و لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی وڵات قبوڵکراو نییە.


AM:08:29:30/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو