بینەر کوردی بۆ وێستگەنیوز: هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و سعودیە هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەی گۆڕی
وێستگەنیوز- محەمەد فاتیح
توێژەرێکی کاروباری نێودەوڵەتی، پەیامە شاراوەکانی پشت هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر خاکی عێراق ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەم پێشهاتە ئاماژەیە بۆ چوونە ناو قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە کە تێیدا ئەکتەرە هەرێمییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبنە بەشێک لە هاوکێشە سەربازییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تەمووزی 2026، بینەر کوردی، توێژەری خانەی بیریی لەندەن دایەلۆگ کە ماستەری لە کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەمریکا بەدەستهێناوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند، یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانی ئەم هێرشە هاوبەشە بۆ حکومەتی عێراقە؛ بەوەی شکستهێنان لە ڕێگریکردن لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی کردەی سەربازیی دەرەکیی زیاتر دەکاتەوە.
هەروەها جەختی کردەوە لەوەی واشنتن لەمەودوا گوشاری زیاتر دەخاتە سەر بەغدا تاوەکو کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر هەموو گرووپە چەکدارەکاندا بسەپێنێت، بەوانەشەوە کە لە ناو پێکهاتەی حەشدی شەعبیدا کاردەکەن.
ئەو توێژەرە نێودەوڵەتییە باسی لەوەش کرد، ئەم هێرشانە پەیامێکی ڕاستەوخۆن بۆ تاران، کە تێیدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ لێدانی گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
ڕوونیشیکردەوە بەشداریی سعودیە لەم هێرشانەدا وەرچەرخانێکی گەورەیە؛ چونکە نیشانی دەدات وڵاتانی ناوچەکە کاتێک هەست بە مەترسی لەسەر خاک یان ژێرخانی وزەیان بکەن، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دێنە ناو هاوکێشە سەربازییەکانەوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دوو لایەنەوە دەگۆڕێت بۆ گرێیەکی ئەمنیی هەرێمیی فراوانتر.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بینەر کوردی دەڵێت، لە چوارچێوەی ململانێی گشتی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ئەم جۆرە هێرشانە وەک نیشاندانی هێزی بەرپەرچدانەوە ئەژمار دەکرێن، بە جۆرێک کە ئامانج لێی پاشەکشەپێکردنی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانیەتی، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکان بگاتە ئاستی شەڕێکی گشتگیر و فراوان لە ناوچەکەدا.
PM:09:38:29/07/2026
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت