عێراق وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە دەداتەوە و بڕیارێکی بەپەلە دەردەکات


وێستگەنیوز-

عەلی فالح زەیدی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کرد و تێیدا سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر خاکی عێراق کرد، هەروەها زنجیرەیەک بڕیاری بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی دەرکرد.


ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تەمووزی 2026، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سازکرد بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و سعودییەوە ئەنجامدراون و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی.

لە بەیاننامەکدا کە سەباح ئەلنەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنەکە بە توندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژییەی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە ئەم هێرشە لە کاتێکدایە حکومەت لە گفتوگۆدا بووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەی لایەنی ئەمریکی و سعودی وروژاندبوویان، بۆیە ئەم هەڵسوکەوتە یەک لایەنانە بێ پاساوە و ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی حکومەت دروست دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها چەند بڕیارێکی دران، لەوانە داڕشتنی پلانێکی ئەمنی تەواوکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی زەوی و بەرەنگاربوونەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی وڵات، هەروەها وەزارەتی دەرەوە ڕاسپێردراوە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوی یاسایی بگرێتە بەر بۆ بەڵگەدارکردنی ڕووداوەکە و پاراستنی مافە ڕەواکانی عێراق.

حکومەت جەختی کردووەتەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەستدرێژییانە تەنها بەرپرسیارێتی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەتە و ڕێگە نادەن وڵات کێشی ناو ململانێ هەرێمییەکان بکرێت، هاوکات پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کۆتایی مانگی ئەیلولی 2025 و تەواوکردنی پلانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا جەختکراوەتەوە پاراستنی خوێنی عێراقییەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و حکومەت بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی دیالۆگ و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.





PM:05:07:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو