عەدنان فەیحان: پێویستە حکومەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر سعودیە و ئەمریکا تۆمار بکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمووزی 2026، عەدنان فەیحان ئەلدولەیمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە هاوبەشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا و سعودیە دەکات بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و داوا دەکات حکومەت پەنا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ببات.


عەدنان فەیحان ئەلدولەیمی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەک، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراقە و بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە رۆڵەکانی گەلەکەمان، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بۆردومانانە بەزاندنی تەواوی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە و بە تەواوی رەتکراوەیە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان روونی کردەوە، لە کاتێکدا عێراق پەرۆشی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێیە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە بە بەڵگەی راستەقینە و روون ئەوە بسەلمێنێت کە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر بەکارهاتووە، فەیحان جەختی لە رەتکردنەوەی بڕاوەی هەر هێرشێک کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە بکاتە ئامانج، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و تێکدانی سەقامگیری.

ئەلدولەیمی داوای لە حکومەت کرد هەڵوێستێکی بەرپرسانە وەربگرێت و لە رێگەی دیپلۆماسی و یاساییەوە بەرگری لە خاک، ئاسمان و خوێنی رۆڵەکانمان بکات، هەروەها داوای کرد سکاڵایەکی فەرمی پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکرێت بۆ لێپرسینەوە لە لایەنە دەستدرێژکارەکان و دانانی سنوورێک بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە.

لە کۆتاییدا عەدنان فەیحان ئەلدولەیمی دووپاتی کردەوە کە سەروەریی عێراق، ئاسایش و گیانی رۆڵەکانمان هێڵی سوورن و رێگە بە دەستکاری نادرێت، پاراستنی شکۆی دەوڵەتیش بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا سازشی لەسەر ناکرێت. ئەم هەڵوێستەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە بڵاوکراوەتەوە.


PM:02:21:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو