موقتەدا سەدر: پێویستە میلیشیاکانیش بیانوو نەدەنە دەست کەنداو هێرش بکەنە سەرعێراق
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمووزی 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر خاکی عێراق بە توندی سەرکۆنە کرد و داوای لە حکومەتی عێراق کرد بە جدی کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەروەریی وڵات بکات.
لە بەیاننامەکەیدا موقتەدا سەدر رایگەیاند: "خاکی عێراق خاکی پیرۆزییەکانە و نابێت ببێتە سەرچاوە بۆ بۆردومانکردنی کۆماری ئیسلامی، بۆیە پێویستە لەسەر برایان لە سوپای پاسداران کە خاکە پیرۆز و سەربەخۆکانمان بۆردومان نەدەن"، هاوکات هۆشداری دایە ئەو لایەنانەی بە "میلیشیا لەیاسادەرچووەکان و بێشەرمەکان" ناوی بردن، کە بیانوو نەدەنە دەست وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ ئەوەی خاکی عێراق بکەنە ئامانج.
سەدر داوای لە هەموو لایەک کرد رۆحی برایەتی و ئاشتی بگرنە بەر و وریای پیلانەکانی "دوژمنی سههیۆ-ئەمریکی" بن کە دەیانەوێت لایەنەکان بەرەو شەڕ و پێکدادان رابکێشن. جەختیشی کردەوە کە عێراق و گەلەکەی پێویستیان بە ئاشتییە و شەڕ تەنها بووەتە هۆی پپووکاندنەوەی تواناکان و کەرامەتی عێراقییەکان.
رێبەری رەوتی سەدر داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئاسایش کۆنتڕۆڵ بکات و رێگە نەدات وڵات بەرەو "خورافیاتە تائیفییە قێزەونەکان" ببرێت. هەروەها هۆشداری دا لە شانە نوستووەکانی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوە کە دەیانەوێت تائیفیگەرایی وەک بیانوو بۆ تێکدانی ئاسایش بەکاربهێنن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەدر بانگەوازێکی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ کرد بۆ ئەوەی دوور لە بنکە سەربازییەکان و هەژموونی داگیرکاری بژین و کۆتایی بەو گرژییانە بهێنرێت کە زیان بە سەلامەتی گەلی عێراق دەگەیەنن.
PM:12:17:29/07/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت