حەشدی شەعبی: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە 20 ئەنداممان شەهید بوون


وێستگەنیوز-

دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، نوێترین ئاماری قوربانیانی ئەو هێرشە ئاسمانییە هاوبەشانەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە ئەنجامدراون، بەپێی ئامارە نوێیەکانیش ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمووزی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکی نوێدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی بۆردومانەکان بۆ سەر بارەگا فەرمییەکانیان، ژمارەی کوژراو بۆ 20 کەس بەرزبووەتەوە و 32ی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، زۆرترین زیان لە دەشتی نەینەوا بووە کە تێیدا 8 ئەندامی حەشد کوژراون، هەروەها لە پارێزگای بەسرەش لانی کەم 2 بریندار هەن، حەشد جەختی کردووەتەوە کە ئەم ئامارانە سەرەتایین و بەهۆی بەردەوامی پرۆسەی گەڕان و هەڵسەنگاندنەکان، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان لە ئارادایە.

هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە، بارەگاکانی حەشدی شەعبیان لە پارێزگاکانی (بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە، کەرکوک، کەربەلا و دیالە) کردووەتە ئامانج، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە جگە لە زیانە گیانییەکان، هێرشەکان زیانێکی زۆری ماددییان بە بارەگا، ئۆتۆمبێل، ئامێر و کەلوپەلە سەربازییەکانی دەستەکە گەیاندووە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە میدیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دووکەڵێکی زۆر و ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و پارێزگای بەسرە بینراون، تیمەکانی فریاکەوتن و ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لەو کۆگا و بنکانەی کە کراونەتە ئامانج.

لە ئێستادا لیژنە تایبەتمەندەکانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە کارە مەیدانییەکانیان بۆ هەڵسەنگاندن و ئامارکردنی تەواوی زیانەکان و بڕیارە لە کاتی تەواوبوونی زانیارییەکان، راپۆرتی کۆتایی بۆ رای گشتی بڵاو بکرێتەوە.


AM:10:34:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو