چاودێری دارایی عێراق: 14 تریلیۆن دینار لای کۆمپانیاکانە و 2,000 کەیسی گەندەڵیش لە دادگان


وێستگەنیوز-

دیوانی چاودێری دارایی عێراق زانیاری ورد لەسەر قەبارەی ئەو پارانە ئاشکرا دەکات کە وەک قەرز لای کۆمپانیا و دامەزراوەکان ماونەتەوە، هاوکات باس لە رەوانەکردنی هەزاران راپۆرتی گەندەڵی بۆ دادگاکان دەکات.


عەمار سوبحی مەشهەدانی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق رایگەیاند، قەبارەی ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەی لە ئەستۆی کەس، کۆمپانیا و دامەزراوەکاندایە، گەیشتووەتە نزیکەی 14 تریلیۆن دیناری عێراقی, مەشهەدانی جەختی لەسەر پێویستی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە کردەوە، بەتایبەتی لەم دۆخە داراییە سەختەی کە وڵاتی پیایدا تێدەپەڕێت.

سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران، دۆسیەیەکی هەستیاریان لە کەرتی کارەبا دەستنیشان کردووە کە تێیدا بڕی 2 تریلیۆن دینار بەهەدەر دراو، لەبارەی رێکارە یاساییەکانیش، روونی کردەوە کە لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 2,000 راپۆرتی چاودێری رەوانەی دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی کراون و بەشێکیان بڕیاری کۆتایی دادگایان بۆ دەرچووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، دیوانی چاودێری دارایی تەنیا لە ماوەی 1 ساڵدا 7,950 راپۆرتی ئامادە کردووە کە لە 70,000 لاپەڕە پێکهاتوون. لەم راپۆرتانەدا نزیکەی 200,000 تێبینی و سەرپێچی لەسەر دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەت تۆمار کراون و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بە مەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی.


AM:09:25:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو