لەناو ماڵی بەرپرسێکی سەڵاحەدین دەست بەسەر 2.5 ملیار دیناردا گیرا
وێستگەنیوز -
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و ورددا توانیویانە بڕی 2.5 ملیار دینار لەناو ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاریی پارێزگای سەڵاحەدین بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەسپاکی، تیمێکی نووسینگەی سەڵاحەدین بە فەرمانی دادوەر پشکنینیان بۆ ماڵی ئەو بەرپرسە کردووە کە ئێستا بەهۆی لێکۆڵینەوەوە لە زینداندایە. جگە لەو بڕە پارە زۆرەی کە دۆزراوەتەوە، تیمەکان گەیشتوونەتە ئەو زانیارییانەی کە تۆمەتبارەکە خاوەنی 6 خانووی گرانبەهایە لە چەند کۆمەڵگەیەکی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون، کە هەموویانی بە ناوی هاوسەرەکەیەوە تۆمار کردووە.
دەستەی دەسپاکی روونیکردووەتەوە، ئەو بەرپرسە پێشتر بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە. تۆمەتەکەشی ئەوەیە کە لە رێگەی بەشی ژمێریاریی پارێزگاوە، چەکێکی بانکیی لە بانکی رافیدەین خەرج کردووە بە ناوی شایستەی دارایی فەرمانبەران، بەڵام دواتر دەرکەوتووە تەواوی مامەڵەکە وەسڵی وەهمی بووە و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریهێناوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتی بەردەوامیی "هەڵمەتی بەرەبەیان" دێت کە لە 28ی حوزەیرانی 2026ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دەزگای دژەتیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەستی پێ کردووە. لەو هەڵمەتەدا تا ئێستا چەندین بەرپرسی باڵا و کەسایەتی سیاسی بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەهەدەردانی ماڵی گشتی دەستگیر کراون.
لە ئێستادا راپۆرتی یاسایی بۆ پارە و موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان رێکخستووە و رەوانەی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو بەرپرسە.
AM:10:50:28/07/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت