عەلی زەیدی: عێراق و تورکیا لە کێشە کۆنەکانەوە بەرەو هاوبەشیی ئابووری هەنگاو دەنێن
وێستگەنیوز-
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە قۆناغی بەڕێوەبردنی کێشە کۆنەکانی وەک ئاسایش و ئاو و بازرگانییەوە، دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغی دەرفەتی هاوبەش و تەواوکاریی ئابووری راستەقینە.
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی چەندین 10 ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکان تەنها لە گۆشەیەکدا مابوونەوە، بەڵام ئێستا ناوچەکە لەبەردەم دەرفەتێکی جیاوازدایە و پێویستە تەحەددییەکان بگۆڕدرێن بۆ گەشەپێدان. وتیشی: "عێراق رێگەی سەقامگیری و چاکسازی هەڵبژاردووە و دەیەوێت ئابوورییەکی بەهێز و پەیوەندییەکی دەرەکی هاوسەنگ بنیاد بنێت".
سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگی پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" کردەوە و وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی هەرێمی وەسفی کرد کە ئاسیا و کەنداو بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە. روونیشیکردەوە کە ئەم پڕۆژەیە تەنها بۆ گواستنەوەی کاڵا نییە، بەڵکو شار و ناوچەی پیشەسازی نوێ و 1000ان هەلی کار بۆ گەنجان دەستەبەر دەکات.
سەبارەت بە تواناکانی تورکیا، زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنقەرە خاوەنی بنکەیەکی پیشەسازی پێشکەوتوو و ئەزموونێکی فراوانە لە بواری ژێرخان و وزەدا، تێکەڵکردنی تواناکانی هەردوو وڵاتیش دەبێتە هۆی بنیادنانی یەکێک لە گرنگترین شەراکەتە ئابوورییەکانی ناوچەکە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە دۆسیەی ئاو و ئاسایش کرد و رایگەیاند، ئاو چیتر پرسێکی تەکنیکی نییە بەڵکو پرسێکی گەشەپێدانە و پێویستە بە شێوەیەکی هاوبەش و بە تەکنەلۆژیای نوێ بەڕێوە ببرێت بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆراک. هەروەها جەختی کردەوە کە ئاسایشی هەردوو وڵات پێویستی بە هاوکاری توندوتۆڵە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری خاکی یەکتر و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لە کۆتاییدا زەیدی وتی: "سەقامگیری لە رێگەی ململانێوە بەدی نایەت، بەڵکو لە رێگەی پڕۆژە هاوبەشەکانەوە دەبێت، عێراق و تورکیاش دەتوانن چیرۆکێکی سەرکەوتنی نوێ بۆ ناوچەکە بنووسنەوە".
AM:09:40:28/07/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت