نوسینگەی عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکەی سعودیە: هەرکەسێک تێوەگلابێت دەدرێتە یاسا
وێستگەنیوز-
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی زانیارییەکانی وڵاتی سعودیە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لەناو خاکی عێراقەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری توند دەداتە ئەو لایەنانەی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تەمووزی 2026، نوسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی شانشینی عەرەبستانی سعوودی زانیاریی دەربارەی بەئامانجگرتنی وڵاتەکەیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە بڵاوکردەوە، حکومەتی عێراق بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو زانیارییانە دەکات و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک دەگرێتە بەر کە تێوەگلانی لەو کارەدا بسەلمێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لە پابەندبوونی دەستووری عێراق کراوەتەوە بە بنەماکانی دراوسێیەتیی باش، هەروەها دووپاتکراوەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت خاکی عێراق وەک تێپەڕگە یان دەستپێک بۆ هەر دەستدرێژییەک دژی وڵاتانی برا و دۆست بەکاربهێنرێت، ئەمەش وەک پاراستنێک بۆ سەروەری و ئاسایشی عێراق.
نوسینگەی سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کردووە، پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە پەیوەندییەکی برايانە و قووڵن و لەسەر بنەمای ڕێزی و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراون، حکومەتی عێراقیش ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادات بۆ تێکدان یان زیانگەیاندن بەم پەیوەندییە ستراتیژییانە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
PM:10:36:27/07/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت